ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: بە دامڕکانی هەڕەشەی بانگەشەیی تورکیا لە بابەتی کوردستانی سووریا، ئەوڕۆکە ئەنقەرە هۆکاری کەمتر دەبینێت بۆ نیگەرانیی لە کاردانەوەی نەتەوەپەرەستانی تورک هەمبەر بە دۆزی کوردەکانی تورکیا و لەو ڕووەوە، کەشێکی کراوەتر بۆ گەڕانەوە سەر پرسی ئاشتیی بۆ ڕەخساوە. چونکە لە لایەکەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسیی ناچارتە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کوردەکان و لە لایەکی ترەوە، کوردەکانیش پاش پاشەکشێی ئەمریکا و بێبەشبوون لە پاڵپشتێکی کارای بیانی، ناچارن لە هاوکاریکردن لەگەڵ تورکیا.
ڕەنگە لە داهاتوودا کوردەکان بتوانن ئەردۆغان ببەخشن، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا کۆمەڵگای تورکیش ئامادەی هاودڵیکردن لەگەڵ کوردەکان و وەرگرتنیان وەک هاووڵاتییەکی یەکسانیان هەیە؟ چونکە ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە تەنیا لە ئاستی دەوڵەتدا بمێنێتەوە و لە کۆمەڵگادا دەروونی نەکرێت، هەوڵی یەک سەدەی تورکیا بۆ دەستبەرکردنی سەقامگیری و هاوڕیزی کۆمەڵایەتیی شکست دێنێت.
ئەوە لە کاتێکدایە کە هێرشی لەناکاوی هێزەکانی دەوڵەتی سووریا لە کۆتایی ژانڤیە بۆ سەر کوردستانی سووریا، کۆتایی هێنا بە یەک دەیە سەروەری و ئۆتۆنۆمیی کوردەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. دیارە کوردەکان لە دوای ساڵی 2012 توانیبوویان نزیکەی یەک لە چواری خاکی سووریا و بەشێکی بەرچاوی سەرچاوە گرینگەکانی وزە و ئاوی ئەو وڵاتە بگرنە بندەستیان. بەڵام پاش گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا، وەک گرینگترین هاوپەیمانی هێزە کوردەکان لە ماوەی ئەو یەک دەیەیە و پاڵپشتیی نوێی لە دەوڵەتی جۆلانی، دەوڵەتی دیمەشق ئەو هەلەی قۆستەوە و بەشێکی زۆری لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانی لێ ئەستاندنەوە و ناچاری کردن لە قبووڵ کردنی ڕێککەوتنێک کە کاکڵەکەی کۆتایی هەمان ئۆتۆنۆمی و سەروەرییەکە کە کوردەکانی لە ژێر ناوی ئیدارەی خۆسەر بانگەشەیان بۆ دەکرد. لەمناوە هەمان ئەمریکایەک کە پێشتر بەپێچەوانەی ویستی تورکیا، کوردەکانی لەباری چەک و داراییەوە ساپۆرت دەکرد، لە وەرچەرخانێکی لەناکاودا پشتی بەردان و بە وتەی تام باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، چیتر پاساوێکی نەئەدی بۆ هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، چونکە لای وایە دەوڵەتی دیمەشق ئامادەی لە ئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی ئەمنیی سووریایە.
دیارە ڕووخان و شکستی کوردەکانی سووریا، نەک هەر سەرکەوتنێک بۆ دەوڵەتی نوێی سووریایە، بەڵکوو هاوکات سەرکەوتنێکی ستراتژیکیشە بۆ تورکیا. چونکە ئەنقەرە بەردەوام بوونی پێکهاتەیەکی نزیک لە پەکەکە و پاڵپشتکراوی ئەمریکای لە درێژایی 600 کیلۆمەتریی سنوورەکانی خۆی بە هەڕەشەیەک دەزانی و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، پێشتر لەناوبردنی یەکینەکانی پاراستنی گەلی بە ئامانجێکی ستراتژیک بۆ وڵاتەکەی دەزانی.
بەوەشەوە، زۆربەی سیاسەتوانان و چالاکانی کورد لە تورکیا سەبارەت بەو گۆڕانکارییە نیگەرانن و لایان وایە کە تورکیا دەیتوانی لەبری پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی دیمەشق، کوردەکان لە تەنیشتنی خۆی ڕابگرێت. بە وتەی ئەو سیاسەتوانانە، خۆشحاڵیی بەشێک لە ڕای گشتیی نەتەوەپەرەستی تورکیا لە بابەتی شکستی کوردەکانی سووریا، خۆی کەلێنێکی سۆزدارانەی قووڵی لە نێوان کوردەکانی تورکیادا وەدی هێناوە. تەنانەت تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان(دەمپارتی) لەوباریەوە هوشداری دا کە ڕەنگە کوردەکان چیتر بۆ تورکیا "لەدەستچوو" بن.
پێدەچێ ئەوی باکرهان باسی لێوە دەکات، دوورنوێنی جعۆرێک "ئیدارەی خۆسەری گەورە" بێت کە دەیتوانی کوردەکانا لە ئەمبەر و ئەبەری سنوورەکانی تورکیا و سووریا پێکەوە گرێ بداتەوە. واتە درێژەی ژیانی ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا دەیتوانی دۆزی خۆبەڕێوەبەری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا تۆکمە بکات؛ پرسێک کە خۆی هۆکاری سەرەکیی نیگەرانی دەوڵەتی تورکیا بوو.
ئەنقەرە کە هەر لە ساڵی 2013دا بەهێزبوونی کوردی سووریای بە مەترسییەکی گەورە دەزانی، لە دوو قۆناغی ئاشتەوایی لەگەڵ پەکەکە، واتە لە 2015 و 2024دا ئەو بابەتەی کردە بیانوویەک بۆ شکست یان دواخستنی پرۆسەیەی ئاشتی. بەڵام ئێستا کە هۆکاری ئۆتۆنۆمیی کوردی سووریا شکستی هێناوە، پێدەچی دەوڵەتی تورکیا مکۆرتر بێت لە بووژاندنەوەی ڕەوتی ئاشتی.
بەڵام بۆ کوردەکان پرسەکە مانایەکی تری هەیە. چونکە ئەگەر بۆ کۆمەڵگای تورک ئاشتی تەنیا مانای کۆتایی شەڕ دەدات، کوردەکان لە ڕەوتی ئاشتیدا پەیجۆری یەکسانی و کەرامەتن. بەڵام نابێ لە بیرمان بچێت کە تورکیا هەر لە دەسپێکەوە بەپێی پڕۆژەیەک لە باڵاوە بۆ خوارێ و بە ئامانجی یەکسانسازیی شوناسییەوە دامەزراوە. کەچی شەڕی چوار دەیەی لەگەڵ پەکەکە نیشانی دا کە ئەو پڕۆژەیە هیچکات سەرکەوتوو نەبووە و سازانی ئیستای کوردەکانیش، زیاتر لەوەی بەرهەمی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵایەتی بێت، دەسکەوتی لێکدانەوەی دەوڵەتە.
هەر بۆیە ئاستەنگی سەرەکی لێرەدا نەک لە ئاستی بڕیاردان، بەڵکوو هێشتاش لە ئاستی کۆمەڵگادا ماوەتەوە. ئەوەی کە چۆن کۆمەڵگای تورکیا مل بەوە دەدات کە کوردەکان نەک وەک پرس و هەڕەشە، بەڵکوو وەک هاووڵاتیانی یەکسان قبووڵ بکات. دیارە بەبی ئەو گۆڕانکارییە، هاوڕیزی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی پاوەجێ لە تورکیادا مسۆگەر نابێت.
تورکی ئانالیست لە ڕاپۆرتێکدا دەڕوانێتە کۆتایی ئۆتۆنۆمی و سەروەریی کوردەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و کاریگەریی لەسەر کوردستانی تورکیا و دەنووسێ: ئەم ڕووداوە هەم دەستی ئەردۆغان بۆ سازانی ناوخۆیی ئاوەڵاتر دەکات و هەمیش بژێرەی بەردەم کوردەکانی تورکیا سنووردارتر دەکات.
News ID 58553
Your Comment